جەی دی ڤانس جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی توندی بە ڕێژیمی تاران دا و ڕایگەیاند ئەمریکا هەر هەڵسوکەوتێکی توندوتیژانە بە توندوتیژی وڵام دەداتەوە.
ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕ، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران لەبارەی لێکتێگەیشتننامەکەوە کێشە یان نیگەرانییەکی هەیە، دەتوانێت تلفۆنەکە هەڵبگرێت و گفتوگۆ بکات".
ڤانس نووسیویەتی: "ئێران ڕێککەوتننامەی ئاگربەسیی واژۆ کردووە و ئێمەش دەروەستین بەو ڕێککەوتننامەیە".
ئەو لێدوانەی جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتێکدا بوو کە سپای پاسداران کەشتییەکی بازرگانیی سەنگاپووری لە گەرووی هۆرمۆز کردە ئامانج و زیانێکی زۆری بەو کەشتییە گەیاند.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە وڵامی هێرشی دڕۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی سەنگاپوور لە گەرووی هۆرمۆز، هەندێک بنکەی سەربازیی ڕێژیمی لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج.
دوابەدوای ئەو هێرشە، سپای تێرۆریستیی پاسداران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بانگەشەی ئەوەی کرد کە شوێنی جێگیربوونی سەربازەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.