فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکام"، ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانیان لە وڵامێکی تونددا بۆ سەر هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی، چەندین پێگەی سەربازیی نێو خاکی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، دوای ئەوەی تاران ڕۆژی پێنجشەممە بە دڕۆنێکی خۆکوژ هێرشی کردە سەر کەشتیی "ئێڤێر لاڤلی"، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆگاکانی مووشەک و دڕۆن و سایتە ڕادارییە کەناراوییەکانی ئێرانیان بوردومان کردووە.
ئەم کەشتییە بارهەڵگرە کە ئاڵای سەنگاپوورەی پێوە بووە، لە کاتی هێرشەکەدا لە هێڵی دەرچوون لە گەرووی هۆرمۆز و لە درێژەی کەناراوەکانی عوماندا بووە.
سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە دەستدرێژیی بێ پاساوی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەستەکەیە و ئەمنییەتی دەریاوانیی نێودەوڵەتی لەم ڕێڕەوە گرنگەدا دەخاتە مەترسییەوە.
پێشتر میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بیسترانی دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیان لە ناوچەی سیریک پشتڕاست کردبووەوە.
سێنتکام هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان بۆ چاوەدێریکردنی پێبەندبوونی تاران بە ڕێککەوتنەکە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.
پێش ئەو هێرشانە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران بە گەمژەیی ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە و لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ئەم کارە وتی: "تێدەگەن".