کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران: بنکەکانی ئەرتەشی ئەمریکامان لە ناوچەکەدا کردە ئامانج

09:16 - 6 پووشپەڕ 2726

لە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە هێزە دەریاییەکانیان، لە وڵامی بوردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران، بنکە و مۆڵگەکانی ئەرتەشی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.

پێشتر ئەمریکا لە وڵامی هێرشە دڕۆنییەکەی سەر کەشتیی بازرگانیی "ئێڤێر لاڤلی"، چەندین سایتی مووشەکی و ڕاداریی ئێرانی لە ناوچەی سیریک تێکشکاندبوو، بەڵام سپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا هێرشی ئەمریکای وەک پێشێلکردنی ئاگربەست ناو بردووە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران لەم ڕاگەیەندراوەدا، بە بێ خستنەڕووی وردەکارییەکانی شوێن، جۆری هێرش یان ئاستی زیانەکان، بانگەشەی ئەوە کردووە کە بەپێی بەندی پێنجەمی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام‌ئاباد، کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز لە ئەستۆی ئێراندایە.

ئەم ناوەندەی ڕێژیم، هێڵە نوێ و هاوتەریبەکانی دەریاوانیی بە "نایاسایی" ناو بردووە و هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، وڵامەکانی تاران بەربڵاوتر و قورستر دەبن؛ بابەتێک کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە بەردەوامیدان بە ئاڵۆزییەکان، ئەمنییەتی هێڵە نێودەوڵەتییەکانی وزە بخاتە مەترسییەوە.