کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێران ٤٧ ساڵە تێرۆریزم بۆ پەرەپێدانی هەژموونی خۆی بەکار دەهێنێت

08:59 - 6 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆنفرانسی ساڵانەی هاوپەیمانیی باوەڕ و ئازادیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دوای هێرشەکانی ئەم مانگانەی دوایی چیتر توانای سەرکەوتنی لە هیچ شەڕێکدا نەماوە.

ترامپ ئاماژەی بە مێژووی ٤٧ ساڵەی ڕێژیم کرد و وتی دەبوو ساڵانێک لەمەوبەر ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕوویدابایە چونکە تاران تێرۆریزمی بۆ پاراستنی دەسەڵات و پەرەپێدانی هەژموونی ناوچەیی بەکار ھێناوە.

ترامپ باسی لە کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠ کرد و وتی ناوبراو لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش بوو کە هێرشی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕێکدەخست.

ترامپ وتیشی کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە دڵەوە بە کوژرانی سولەیمانی دڵخۆش بوو چونکە لە بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەو دەترسا.

سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ترامپ وتی هەرچەندە شەڕی نەدەویست بەڵام بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ڕێککەوتن ئەمە "هێڵێکی لاوەکی" و لەڕووی ناچاری بوو.

ناوبراو هۆکاری هێرشەکەشی بۆ لەنێوبردنی توانای مووشەکی، دڕۆنی، لاوازکردنی هێزی دەریایی و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی گەڕاندەوە.

ترامپ جەختی کردەوە کە هێرشی دڕۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لەنێو ئاوەکانی عومان پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ بووە.

ترامپ لە کۆتاییدا ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ گرت و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئۆباما بە پێدانی چەندین میلیارد دۆلار بە تاران بووە هۆی ئەوەی ئەو پارانە لە جیاتی خەڵک، لە پەرەپێدانی مووشەک و پاڵپشتیی گرووپە نیابەتییەکان خەرج بکرێن.

ترامپ ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی وەک بەشێک لە ستراتێژیی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" دانا کە جیهانی سەلامەتتر کردووە.