کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێ‌قۆڵیی نێوان لوبنان و ئیسرائیل

08:37 - 6 پووشپەڕ 2726

دوای دانوستانی چڕ بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان ڕێککەوتننامەیەکی سێ‌قۆڵییان لە واشنگتۆن بە بەشداریی نێدا معەوەز، باڵوێزی لوبنان و یێشیل لیتێر باڵوێزی ئیسرائیل واژۆ کرد، بەڵام وردەکاری زیاتریان بڵاو نەکردەوە.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنگتۆن ١٠٠ میلیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی و ٣٠ میلیۆن دۆلاریش بۆ بەهێزکردنی ئەرتەشی لوبنان تەرخان دەکات تا سەروەریی خۆی بسەپێنێت.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە لە دوو "ناوچەی تاقیکاری"ـیەوە دەست پێ دەکات کە ئەرتەشی لوبنان کۆنتڕۆڵیان دەکات و هێزەکانی ئیسرائیل لێیان دەکشێنەوە.

نێتانیاهوو جەختی کردەوە ئەگەر حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، ئیسرائیل لە داگیرکاریی باشوور بەردەوام دەبێت .

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. هێرشەکانی حیزبوڵڵا، کاردانەوەی ئاسمانی و زەمینیی ئیسرائیلی بەدواوە بوو و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس لە لوبنان و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک میلیۆن کەسی دیکەش.

هاوکات، حەسەن فەزلوڵڵا نوێنەری حیزبوڵڵا لە پەرلەمان دژایەتیی توندی خۆی ڕاگەیاند و وتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە لوبنان دەخاتە ناو "شەڕی نێوخۆیی" و ئەوان بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە.