سێباستیەن گۆرکا، جێگری یاریدەدەری سەرۆککۆمار و بەڕێوەبەری باڵای دژەتێرۆری ئەمریکا، لە لەندەن ڕایگەیاند کە ئەگەر تاران و هێزە نیابەتییەکانی پێبەندی داواکارییەکانی واشنگتۆن نەبن، ڕووبەڕووی دەرەنجامی قورس دەبنەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەست پێ کردووەتەوە و وتی: "ئێمە دیسانەوە گەڕاوینەتەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕی دژەتیرۆر."
گۆرکا بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە ١٧ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار و ٥٠ جیهادییان لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە و ١٠٦ بارمتەی ئەمریکاییش گەڕێندراونەتەوە، داوای لە هاووڵاتییان کرد متمانە بە توانای گوشار و دانوستاندنی ترامپ بکەن.
گۆرکا ئێرانى وەک "گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تێرۆریزم" وەسف کرد و وتی زۆرێک لە جیددیترین هەڕەشەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی ئەوێش پەیوەندییان بە پاڵپشتییەکانی تاران لە گرووپە چەکدارەکان هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ئیسرائیل سەلماندوویانە دەتوانن هەڕەشەکانی سەر بە تاران تێکبشکێنن؛ هەروەها جەختی کردەوە کە سەرۆککۆمار لە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و پاڵپشتیی دارایی ئێران بۆ گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا، ئامادەیە بە تەواوی هێز و لە ڕێگەی هونەری ڕێککەوتنەوە، گوشارەکان چڕتر بکاتەوە.