ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەتی و هێرشە نوێیەکەی سپای پاسداران لە ناوچەکەدا، ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە و چۆڵکردنی کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هۆرمۆز و کەنداوی عومان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.
ئارسینیۆ دۆمینگێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە پاراستنی گیانی دەریاوانان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و ئەم بڕیارەش بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی گەرەنتیی ئەمنییەتی بۆ کەشتییەکان لەم دەروازە گرنگەی وزەی جیهاندایە.
ئەم پاشەکشە و ڕاگرتنە کتوپڕەی ڕێکخراوەکە دوای ئەوە بوو کە دوو بەرپرسی ئەمریکایی بە "فاکس نیوز"یان ڕاگەیاند کە سپای پاسداران بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتیی بارهەڵگری "ئەوەر لاڤلی" کە بە ئاڵای سەنگاپوورەوە خەریکی دەرچوون لە گەرووی هۆرمۆز بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا (UKMTO)، ئەم هێرشە لە ٧.٥ مایلی دەریایی باشووری ڕۆژهەڵاتی داهیتی عومان ڕووی داوە و سەرەڕای ئەوەی زیانی بە کەشتییەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ خەسارەتێکی گیانی یان ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە کە سپای تێرۆریستیی پاسداران پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر کەشتییەکان لەو ڕێگایانەی ئەوان دیاریان نەکردووە تێپەڕن، بە توندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.