بەپێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە باس لە ڕێوشوێنی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتی و بارهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەکەن، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی کراوەیە و بەربەستێک بوونی نییە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ میلیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هۆرموزدا تێپەڕیوە و ئەوەش زۆرترین ڕێژەیە لە مێژوودا.
ترامپ ئاماژەی بەوەش دا کە نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی ئێجگار بەرچاو دابەزیوە و بەو هۆیەشەوە هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی دیکەش هەرزان دەبن.
هەروەها مارکۆ ڕۆبیۆ، پێش سەردانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی لە کەنداو، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادرێت باج یان تێچووی زیادە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەشتییەکان وەربگرێت یان ڕێکار و ڕێوشوێنی نوێ دیاری بکات.
پێشتر سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئەو کەشتییانەی بەبێ هاواهەنگی لە ڕێگای گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕ دەبن و سەرپێچی لە بڕیارەکانمان دەکەن، بە توندی ڕووبەڕوویان دەبینەوە.