بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەتا ئەو کاتەی دڵنیا نەبن لەوەی ئەمنییەتی ئیسرائیل پارێزراوە، لە باشووری لوبنان پاشەکشێ ناکەن و لەوێ دەمێننەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئێمە لە باشووری لوبنانداین و هەتا ئەو کاتەی بە پێویستی بزانین لەو ناوچە ئەمنییەتییەدا دەمێنینەوە".
لەو لێدوانەدا، نێتانیاهوو ئاماژەی بە ڕێژیمی تاران کرد و وتی: "ئیسرائیل بەو هێرشە، هەڕەشەیەکی سەرەکیی لەنێو برد و ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایە ڕەنگە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی گەیشتبایە".
ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتا بابەتی ئێران تەواو نەبووە و هەندێک کاری دیکەی ماوە کە دەبێت چارەسەر بکرێت.
پێشتریش، دەیڤید مەنسێر، وتەبێژی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە هەتا ئەو کاتەی حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.
ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی ئاوریلدا، بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، دانوستانی ڕاستەوخۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەست پێ کردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە و لە ماوەی دانوستاندا حیزبوڵڵا چەندین هێرشی کردووەتەوە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە چەند سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراون.