لە چوارچێوەی پەرەسەندنی شەپۆلی سەرکوتی سیستماتیک و سەپاندنی کەشی تۆقاندن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پێنج زیندانیی سیاسیی گیلەک لە زیندانی لاکانی شاری ڕەشت هۆشداری دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مەنووچێهر فەلاح، زیندانیی سیاسیی خەڵکی ڕەشت، بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی کردەوە دژی ئەمنییەتی میللی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
پەیمان فەرەحاوەر، شاعیری تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی ڕەشت، بە تۆمەتەکانی "بەغی" و "موحاربە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پەسند کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەریم خۆجەستە تەمەن ٦٢ ساڵی خەڵکی خومام و یەعقووب درەخشان، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بەندەری ئەنزەلی بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە.
هەروەها زەهرا شەهباز توبەری، ئەندازیاری کارەبا و چالاکی مەدەنیی تەمەن ٦٨ ساڵی خەڵکی ڕەشت، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
هەنگاو جەختی کردەوە ئەم پێنج زیندانییە لە تەواوی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش بوون و حوکمەکانیان تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و باوەڕپێکراو دەرچووە.