ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کانادا، محەممەدڕەزا پاکەتچییان خوێندکاری دوکتورای زانکۆی کارێلتۆن و سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیان دەسبەسەر کرد کە دەیهەویست ئەمنییەتی میللیی کانادا بخاتە مەترسییەوە.
گڵۆباڵ نیوز ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "بەڵگە نهێنییەکانی ناوەندی هەواڵگری و ئەمنییەتیی کانادا نیشان دەدات کە محەممەدڕەزا پاکەتچییان، خوێندکاری ٤١ ساڵەی دۆکتورای ئەندازیاریی هەوافەزا لە زانکۆی کارێلتۆن، هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی میللیی کانادایە و بەو هۆیەوە دەسبەسەر کراوە".
پاکەتچییان، کاری بۆ شیرکەتی مەپنا کردووە کە لە پێڕستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەدایە.
لەو بەڵگانەدا هاتووە کە ئەو خوێندکارە بڕوانامەی دوکتوراکەی لە زانکۆکانی ئێراندا وەرگرتووە و بە ئەگەری زۆرەوە لە بەرەوپێشچوونی بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژیی ڕێژیمدا هاوکاری کردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دواتر پاکەتچییان، لەلایەن ڕێژیمەوە بە مەبەستی خوێندن و سیخوڕی بەرەو کانادا بەڕێ دەکرێت و زانیاری و زانستەکانی بە بەرپرسانی ئەمنییەتی و سەربازی ڕێژیم دەدات هەتا لە بەرنامە مووشەکی و پەهپادییەکاندا کەڵکی لێ وەربگرن.
ناوەندی ئەمنییەتیی کانادا ناسراو بە سی ئێس ئای ئێس محەممەدڕەزا پاکەتچییانی بەهۆی زیانگەیاندن بە ئەمنییەتیی میللیی کانادا دەسبەسەر کرد و هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم لەوبارەوە هیچ لێدوان و دژکردەوەیەکیان نیشان نەداوە.