کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی سێنا لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ترامپ لە شەڕ دژی ئێران

15:58 - 4 پووشپەڕ 2726

سێنای ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی ڕەت کردەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ چوونە ناو شەڕ لە دژی ئێران بوو.

ئەم بڕیارە سەرکەوتنێکی گرنگ بۆ ترامپ و ڕێبەرانی کۆماریخوازی سێنایە کە دەیانەوێت شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی کۆنگرە بەرامبەر بە ستراتێژیی دەوڵەتی ئەمریکا لەهەمبەر تاران کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەندامانی سێنا بە ٥٠ دەنگی نەرێنی و ٤٧ دەنگی ئەرێنی، دژی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار بۆ شەڕی ئێران دەنگیان دا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ڕۆژێک پێشتر پڕۆژەیاسایەکی هاوشێوە بە جیاوازییەکی کەم لە سێنا دەنگی هێنابوو.

ترامپ دوای ئەم دەنگدانە سپاسگوزاریی لە هاوپەیمانەکانی لە سێنا کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسی کە ئەم بڕیارە "هۆشدارییەک بە ئێران دەدات."

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران کە تێیدا ئاگربەستی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە و گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران دەستیان پێ کردووەتەوە.