کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین: دەبێت ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکرێت

15:55 - 4 پووشپەڕ 2726

عەبدولەتیف بن ڕەشید ئەلزیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو و ئەمریکا لە مەنامە ڕایگەیاند کە پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێبەندی سەرجەم بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنامە نوێیەکەدا بێت.

ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێت ڕێگە لە تاران بگیرێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پێویستە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی، پشتیوانیکردنی لە گرووپە چەکدارەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنرێت.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین پێشوازیی وڵاتەکەی لە کۆتاییهاتنی ململانێکان و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوبژیوانیی پاکستان و قەتەر ڕاگەیاند؛ هەروەها گەڕانەوەی هاتوچۆی ئازاد و ئارامی دەریاوانیی لە گەرووی هۆرمۆز بە هەنگاوێکی هیوابەخش ناو برد.

ئەلزیانی ئاماژەی بەوەش کرد کە مەنامە بۆ دروستکردنی کەنالێکی دەریایی کاتی لە گەرووی هۆرمۆز بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان پێشوازی لە بڕیارەکەی عومان دەکات و جەختی کردەوە کە ئەمنییەتی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو لە یەک گرێ دراون.