میدیای فەرمیی بانکی ناوەندیی ئێران و هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایانگەیاند کە کێشەی تەکنیكی و پەککەوتنی بانکە سەرەکییەکانی وەک "میللی، سادرات و تێجارەت" تا کۆتایی شەوی ٢ی پووشپەڕ بە تەواوی چارەسەر کراوە و دۆخەکە جێگیرە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکان، کێشەی کارتە بانکییەکان و کارتخانەکان لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا بەشێکی بچووکی سیستەمەکە کەوتووەتەوە کار.
ئەم شەپۆلە لە پەککەوتنی سیستەمی بانکی کە لە ٢٤ی جۆزەردانەوە بەهۆی هێرشی سایبێرییەوە دەستی پێکردووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانکەکانی "میللەت و کەشاوەرزی"شی گرتووەتەوە.
ئەم دۆخە شڵەژان و نیگەرانیی توندی لەلایەن هاووڵاتییان و خاوەن سەرمایەکانەوە لێكەوتۆتەوە، بە شێوەیەک کە متمانە بە بانکەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
هەواڵدەریی فەرمیی "میزان" پێشتر هێرشی سایبری بۆ سەر چوار بانکی گەورەی پشتڕاست کردبووەوە.
هەواڵدەریی "فارس"یش ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەستراوەیی سیستەمی سووتەمەنیی بەم بانکانەوە، قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەنزینخانەکاندا دروست بووە.
لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە کە سیستەمی "بیمەی سڵامەت"یش پەکیکەوتووە و خەڵک ناتوانن دەرمان و خزمەتگوزاریی چارەسەری وەربگرن.