کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران: پێش هەڵگرتنی گەمارۆکان ڕێگە بە هیچ پشکنینێکی نوێ نادەین

09:55 - 4 پووشپەڕ 2726

جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەستڕاگەیشتن بە پێگە و ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە هێرشیان کراوەتە سەر تەنیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا تاوتوێ و یەکلایی دەکرێتەوە.

کازم غەریب‌ئابادی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی سەرەڕای داواکارییەکەی گرووسی لە سویس هیچ دیدارێک لەگەڵیدا ئەنجام نەدرا.

ناوبراو زیادی کرد هەروەها هیچ بەرنامەیەکیش بۆ دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە و ماددە ئەتۆمییە هێرشکراوەکان لە ئارادا نییە.

ناوبراو هەروەها وتی ئەم بابەتانە تەنیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتایی و لە ئەنجامی هەنگاوی کرداریی لایەنی بەرامبەر بۆ هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکان تاوتوێ و یەکلایی دەکرێنەوە و ناتوانرێت بە پڕۆپاگەندەی میدیایی سیاسەتی هاندان و دەسبەسەرداگرتن ببرێتە پێشەوە.

ڕافائێل گرووسی پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی دەریاچەی لووسێرن لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە گفتوگۆ تێکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە یان یادداشتی لێکتێگەیشتنی ئەو کاتەدا بەشدار دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، گرووسی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەم دامەزراوە چاوەدێرییە تەنیا ماوەیەکی کورت دوای ڕێککەوتنی ئاشتیی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا پشکینینەکان لە نێوخۆی ئێراندا ئەنجام دەدات.