کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بەپێچەوانەی لێدوانەکانی ئەمریکا، ڕێوشوێنی نوێی بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز دیاری کردووە

09:27 - 4 پووشپەڕ 2726

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە نوێترین ڕاگەیەندراودا پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەشتییەکان لە گەرووی هۆرموزدا تەنیا دەتوانن لەو جێگایانەوە تێپەڕ ببن کە بۆیان دیاری کراوە.

سپای پاسداران لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردووە کە ئەو کەشتییانەی بەبێ هاواهەنگی لەو ڕێگایەوە تێپەڕ ببن و لە بڕیارەکانمان سەرپێچی بکەن، بە توندی ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە وڵاتی عومان بۆ ئەو مەبەستە ڕێگەیەکی کاتیی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان دیاری کردووە تاکوو بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لەو ڕێگایە کەڵک وەربگیردرێت.

ئەو هەڵسوکەوتەی سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا لەبارەی گەرووی هۆرمۆزەوە وتبووی: "گەرووی هۆرمۆز بەتەواوی کراوەیە و دۆخەکە لەو شوێنەدا ئاساییە و هیچ بەربەستێک لەوبارەوە بوونی نییە".

پێشتریش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لەوە کردبوو کە یەکێک لە چوار ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی نێوان وڵاتەکەی و ڕێژیمی ئێران پێکهێنانی مێکانیزمێکی کارا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێکدادانێک بووە.

هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانە ناتەباکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ڕێژیمی تاران بەنیسبەت پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکان لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە هەرای نایەوە و هەرکام لە لایەنەکان لێدوانی لایەنی بەرانبەر بە ناڕاست و درۆ ناو دەبەن.