بەپێی ئامارە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، سەرەڕای بەڵێنەکانی پێشووی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەختینەیی و قەرزەکانی دەوڵەت، گەشەی نەختینەیی لەم وڵاتەدا ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی تۆمار کردووە و بە بازدانێکی زیاتر لە ٥٣٪ گەیشتووەتە نزیکەی ١٦ هەزار تریلیۆن تمەن.
ئەم زۆربوونی نەختینەییە کە بەهۆی چاپکردنی لەڕادەبەدەری پارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ پۆشینی قەرزەکانی دەوڵەت دێتە ئاراوە، هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەرە لەم وڵاتەدا؛ بە جۆرێک کە ناوەندی ئاماری ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو ڕێژەی هەڵاوسان ژمارەیەکی پێوانەیی ٨٠ ساڵی ڕابردووی شکاندووە.
داتاکانی بانکی ناوەندی نیشانی دەدەن کە قەرزی دەوڵەت و کۆمپانیا دەوڵەتییەکان بۆ سەر بانکەکانی وڵات لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٢٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٨٠٠ تریلیۆن تمەن، کە زیاتر لە ٩٠٪ی ئەم بڕە قەرزی خودی دەوڵەتە و تەنیا ١٠٪ی قەرزی دامەزراوە و کۆمپانیا دەوڵەتییەکانە.