وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەنانەت لەسەر داوای ئەمریکاش ناوچەکانی باشووری لوبنان بەجێ ناهێڵن.
یێسرائیل کاتس، ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە "ناوچەی ئەمنییەتی" لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، تەنانەت ئەگەر داواکارییەکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەمریکاشەوە بێتە ئاراوە.
ناوبراو لە کۆنفرانسێکدا لە تێلاڤیڤ وتی کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار دانیشتووی لوبنانی بۆ ئەو ناوچانەی چۆڵیان کردووە، ناگەڕێنەوە.
کاتس جەختی کردەوە کە ئەزموونی ڕابردوو لە ناوچە ئەمنییەتییەکاندا، کاتێک کە دانیشتووانی مەدەنی تێدا بوو، بووە هۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو و هێرشکردنە سەر سەربازان، بۆیە ئیسرائیل ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە نادات.
ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە دانوستانەکان بە سەرپەرستیی ئەمریکا لەسەر ڕێکخستنی کاروباری ئەمنییەتی باشووری لوبنان لە واشنگتۆن بەردەوامە.