کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلۆنی: ئورووپا ناتوانێت ڕێگە بدات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات

15:00 - 3 پووشپەڕ 2726

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا هۆشداریی دا کە ئورووپا ناتوانێت ڕێگە بدات کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدا توانای موووشەکیی دوورهاوێژی خۆی سەلماندووە، ببێتە خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمی.

مێلۆنی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی بە "زۆر ئاڵۆز" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت سێ پرسی سەرەکی لە ناوەندەکەیدا بن: بەرنامەی ئەتۆمی، ئەمنییەتی ناوچەکە و ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هۆرمۆز.

مێلۆنی ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی ئەتۆمیبوونی ئێران تەنیا بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، بەڵکوو بۆ سەر ئورووپاش هەیە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە داخران یان بەرتەسککردنی گەرووی هۆرمۆز زیانی گەورەی بە ئابووریی ئورووپا و ئیتالیا گەیاندووە و نابێت ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان وەک ئامرازی گوشار دژی دەوڵەتەکان بەکار بهێنرێن.

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئامادەیی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنانی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، بە نیشانەی بوێری زانی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، واشنگتۆن، لوبنان و ئیسرائیل خەریکی تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەکەن کە تێیدا بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنان کە لە کاتی شەڕی حیزبوڵڵادا کێشەیان لەسەر بوو، ڕادەستی ئەرتەشی لوبنان بکرێنەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت.