ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە چارەنووسی ٧٠٠ میلیۆن دۆلار لەو یەک میلیارد دۆلارەی کە پێش شەڕی ٤٠ ڕۆژە لە سندووقی گەشەپێدانی میللی بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی ڕاکێشرابوو، نادیارە.
ڕوحوڵڵا لەک عەلیئابادی لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی هەواڵیی "دیدەبان" ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یەک میلیارد دۆلارە بە فەرمانی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی بۆ کەرتی دەرمان تەرخان کرابوو، بەڵام ئێستا ڕوون نییە ٧٠٠ میلیۆن دۆلاری کوێیە و چی لێ هاتووە.
ناوبراو باسی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی "زۆر ئاڵۆز و گرژ" لەگەڵ ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان کرد و وتی کە لێدوان و ڕوونکردنەوەکانی ئەم ڕێکخراوە کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕازی نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو، محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە ٣٠٠ میلیۆن دۆلار لەو بڕە پارەیە بۆ دانەوەی قەرزەکانی وەزارەتەکە و مووچەی کارمەندان خەرج کراوە و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارەکەیش بۆ پاشەکەوتی ستراتێژیی دەرمان دانراوە.
بەڵام عەلیئابادی بە ڕەتکردنەوەی ئەم ئیدیعایە، جەختی لەسەر بەرزبوونەوەی تێچووی دەرمان و مەترسیی کەمبوونەوەی دەرمانە سەرەکییەکانی وەک ئەنسۆلین و دەرمانەکانی دژی شێرپەنجە لە بازاڕدا کردەوە کە نیگەرانیی قووڵی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.