کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕینی میوە بۆ زۆربەی بنەماڵەکانی کوردستان و ئێران بووەتە خەون

12:32 - 3 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی گرانیی لەڕادەبەدەر لە بازاڕەکانی ئێراندا، ئەمجارە میوە و سەوزەوات بەشێوەی بەرچاو گران بووە و زۆربەی خەڵکی کەمداهات و هەژار و تەنانەت چینی مامناوەندیش چیتر توانای کڕینیان نەماوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە بازاڕەکانی کوردستاندا نرخی کیلۆیەک گێڵاس بە ٥٠٠ هەزار تمەن، قەیسی بە ٥٩٠ هەزار تمەن و قۆخ بە ٣٩٠ هەزار تمەنە.

هەروەها بیاری دۆڵمە کیلۆیەک بە ٦٥ هەزار، پەتاتە کیلۆی سەرووی ٥٠ هەزار، هەرمێ نزیک بە یەک میلۆن، لیمۆ ترش بە ٢١٠ هەزار، مۆز بە ٢٠٠ هەزار و پیاز بە ٤٣ هەزار تەمەنە.

هەروەها لە یەک حەفتەی ڕابردوودا نان ١٠٠ لەسەد گران بووە.

هەرچەند هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ئەو گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستیی خۆراکییانەیان بۆ دۆخی شەڕ لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو گەڕاندووەتەوە، بەڵام پەیمان عالەمی، بەرپرسی ژووری ڕێکخراوە سێنفییەکانی کشتوکاڵی ئێران، ئەو دەنگۆ و پاساوانەی ڕەت کردەوە کە گرانییەکانی ئەم دواییەی بازاڕ بۆ بارودۆخی شەڕ دەگێڕنەوە و ڕایگەیاند: "بە ڕاشکاوی دەیڵێم، من هیچکام لەم هەڵاوسانانە بە هۆکاری شەڕ نازانم، بەڵکوو ئەوەی دەیبینم تەنیا ناکارامەیی بەڕێوەبەری و لاوازیی بەڕێوەبردنە".