کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵیێنس: داخرانی گەرووی هۆرمۆز تێڕوانینی کۆمپانیاکانی بیمەی گۆڕیوە

11:19 - 3 پووشپەڕ 2726

ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەپێی ئامارە نوێیەکانی کۆمپانیای دارایی و بیمەی "ئاڵیێنس"، داخرانی گەرووی هۆرمۆز بووەتە هۆی گیرخواردنی زیاتر لە ١٢٠٠ کەشتیی بارهەڵگر کە بەهای کاڵاکانیان دەگاتە نزیکەی ١٢٥ میلیارد دۆلار؛ ئەمەش ئاستی مەترسی و لاوازیی بازرگانیی جیهانی نیشان دەدات.

ئەم ئامارە دەری دەخات کە دوای هێرشەکانی مانگی ڕەشەمە، ئەو کەشتییانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە کەنداودا گیریان خواردبوو.

یوستوس هاینریش، بەڕێوەبەری بەشی بیمەی دەریایی ئاڵیێنس ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕووداوە تێڕوانینی کۆمپانیاکانی بیمەی بەرامبەر بە مەترسییەکانی ناوچەکە بە تەواوی گۆڕیوە.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، زیاتر لە ٤٠ کەشتی بە مووشەک پێکراون و ١٤ دەریاوانیش گیانیان لەدەست داوە.

ئەگەرچی دوای لێکتێگەیشتنەکان هاتوچۆی کەشتییەکان لە حەفتەی ڕابردوودا لە ٢٤ـەوە بۆ ٦٩ کەشتی زیادی کردووە، بەڵام پێشتر ڕۆژانە ١٣٥ کەشتی و یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهان لەو گەرووە تێپەڕ دەبوو.

ئێران دوای ناتوانیی بەرگریی ئاسمانیی بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، بە هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکان هەوڵی داخرانی ئەم ڕێڕەوەی دابوو.