لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لەهەمبەر دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانیان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێران بەڕێوە چووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢ی پووشپەڕ، زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کرێکاری ماشینسازیی تەورێز بەهۆی پێنەدانی حەقدەستی چەند مانگەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە.
کرێکارانی بە دانی دروشم و بەرزکردنەوەی پلاکارد بە شێوەی هێمنانە داوای مافی خۆیان کردووە، بەڵام کرێکارێک لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە "حکوومەت هەر جۆرە مانگرتن و ناڕەزایەتییەک بە تێکدانی ڕای گشتی و هەوڵدان لە دژی تەناهیی نەتەوەیی لەقەڵەم دەدات".
هەروەها کارمەندانی ناوەندی تەندروستیی شابادی کرماشان لە بەردەم بینای تەندروستیی ئەو شارەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
لە شاری سەرجین بافت سەر بە شاری زەنجان هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ئێران، زیاتر لە ٣٥٠ کرێکار لەهەمبەر دانی ماف و حەقدەستەکانیان کۆ بوونەوە و ڕایانگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە هیچ حەقدەستێکیان وەرنەگرتووە.
هەروەها لە چەندین شار و شارۆچکەدا کارمەندانی ئیدارەی "موخابراتی ڕووستایی" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و خوازیاری چارەسەری کێشەکانیان بوون.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خانەنشینانی موخابرات لە پارێزگاکانی سنە، خووزستان، تاران و ئێسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.