جێگری وەزیری نێوخۆ کە هاوکات جێگری سەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیمە ڕایگەیاند کە بەپێی پێوەر و داتا، پتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵکی ئێران هیوایان بە دواڕۆژی باش و باشتربوونی دۆخی هەنووکەیی لەدەست داوە.
سەید محەممەد بەتحایی جێگری وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە داتاکانی ساڵی ١٤٠٤ وتی: "بەهۆی کێشەی بنەڕەتیی دۆخی ژیانی خەڵکەوە ڕێژەی هیوا بە دواڕۆژی باش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو ڕێژەیەش کارەساتبارە".
شایانی باسە ئاماری ناوەندەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگای بڕوا نین و ئامار و داتا نافەرمییەکان باس لە کارەساتبارتربوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکی ئێران دەکەن.
هەژاری، کەمداهاتی، بێکاری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نەمانی توانای کڕین و فەزای تاقەتپڕکێنی ئەمنییەتی و ناکارامەیی بەڕێوەبەریی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەیان کێشە و قەیرانی دیکە هۆکارەکانی بێ هیوایی خەڵکی ئێرانن.