لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد نادری"، خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان، لە ناوچەی سنووریی "دۆڵەبی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار کرا.
ناوبراو کە لاقی بریندار بووە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ، بەهۆی جێگیربوونی باری تەندروستییەوە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ئاکۆ ساڵحی"، خەڵکی بانە، لە ناوچەی سنووریی "سەیرانبەن" کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم و دەستی بە سەختی بریندار بوو.
ئاکۆ ساڵحی کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە.