مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەفەرێکی هەستیار بۆ ناوچەی کەنداو دەست پێدەکات؛ ئامانجی ئەم پرۆسەیە ڕازیکردنی سەرکردەکانی عەرەب بە لێکتێگەیشتنی نوێی واشنگتۆن و تارانە، کە بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵ لە پێدانی ئیمتیازی زۆر بە کۆماری ئیسلامی.
هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاندووە کە ڕۆبیۆ لە ئیمارات، کوەیت و بەحرەین لەگەڵ بەرپرسانی شۆرای هاوکاری کۆ دەبێتەوە.
هاوپەیمانانی عەرەب کە لە شەڕی چوار مانگ لەمەوبەری دژی ئێراندا کەوتنە بەر هێرش، ئێستا واشنگتۆن بە بەخشینی ئێمتیازی زۆر تۆمەتبار دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، سنووردارنەکردنی مووشەکەکانی ئێران و تەرخانکردنی سندووقێکی ٣٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ تاران، ترسێکی گەورەی لای دراوسێکان دروست کردووە؛ چونکە دەترسن ئەم بودجەیە بۆ بەهێزکردنی گرووپە نیابەتییەکان بەکار بهێنرێت. بەتایبەت بەحرەین لە هاندانی ناڕەزایەتیی نێوخۆیی نیگەرانە.
ڕۆیتێرز ئاماژەی کردووە کە دانپێدانانی ئەمریکا بە ڕۆڵی ئێران لە داهاتووی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆزدا، مەترسییە بۆ سەر هەناردەی وزەی عەرەبستان، کوەیت و قەتەر.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ داکۆکی لەم ڕێککەوتنە دەکات، ڕۆبیۆ دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانان و پاراستنی ستراتێژیی نوێی واشنگتۆندا دروست بکات.