کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران پڕۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت

11:47 - 2 پووشپەڕ 2726

بڕیاری ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی کاتیی گەمارۆکان، ئەگەرچی لە کورتخایەندا میلیاردها دۆلار قازانجی دارایی بۆ ڕێژیمی تاران دەبێت، بەڵام لادانی یەکجاریی گەمارۆ چوار دەیەییەکان ساڵانێکی زۆری پێویستە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا مۆڵەتێکی کاتیی بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆشیمیاییەکانی ئێران دەرکردووە کە لەم دوو مانگەدا ٣ میلیارد دۆلار داهات دابین دەکات، بەڵام سڕینەوەی ناوی هەزاران دامەزراوە و کەسایەتی لە لیستی ڕەشی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان لانیکەم ساڵێکی تەواوی پێدەچێت.

ڕۆیتێرز جەختی کردووەتەوە کە کۆنگرەی ئەمریکا کۆسپێکی سەرەکییە؛ چونکە ئەو سزایانەی بەهۆی پاڵپشتیی تاران لە حەماس و حیزبوڵڵا یاسایی کراون، تەنیا بە بڕیاری کۆنگرە هەموار دەکرێن کە ئێستا کۆماریخوازەکان بە توندی دژی وەستاونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بانک و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی مەترسیی یاسایی و بەردەوامیی گەمارۆکانی ئورووپا، ئامادەی وەبەرهێنانی گەورە نین.

هەروەها بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا هۆشداریان داوە کە لادانی گەمارۆکان دەبێتە هۆی سەرڕێژبوونی سەرچاوە داراییەکان بۆ سپای پاسداران و ئەمەش تێچووی سیاسیی قورس بۆ واشنگتۆن دروست دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٧٠وە بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە سەراسەری ناوچەکەدا، گەمارۆ و قەدەغەکاریی بازرگانییان بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاندووە و داراییەکانیان بلۆکە کردووە.