رۆژی یەکشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لەسەر داوای ماڵی کورد لە شاری تۆرێنتۆ، هەیئەتێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب، سەردانی ماڵی کوردیان کرد.
لەم چاوپێکەوتنەدا ژمارەیەک لە کوردانی شاری تۆرێنتۆ و ناوچەکانی دەوروبەری ئامادە بوون.
لە ماوەی ئەم دیدارەدا، کاک خالید عەزیزی تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگیی ماڵی کورد لە پەرەپێدانی کار و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، ناساندنی کورد و شوناسی نەتەوەیی، هەروەها بەرگری و پشتگیری لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد. هەروەها بە نرخاندنی هەوڵ و تێکۆشانی کاربەدەستان و ئەندامانی ماڵی کورد، سپاسی خۆی بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە دەربڕی.
لە بەشێکی تردا، ئاماژەی بە گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، هەروەها رۆڵ و پێگەی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراودا کرد.
کۆتایی دیدارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و وڵام، کە تێیدا ئامادەبووان چەندین پرسیار و تەوەری جیاوازیان خستە بەرباس.