باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە هەوڵەکانی تاران بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر لوبناندا لە ڕێگەی حیزبوڵڵاوە، زەنگێکی مەترسییە بۆ ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سوێندی خوارد کە وڵاتەکەی لەهەمبەر هێرشەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەدا دەستەوەستان دانانیشێت.
دەنی دانۆن بە "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاند، ئەم هەڵسوکەوتانە نیشان دەدەن کە ئێران هێشتا دەیەوێت کۆنترۆڵی لوبنان بکات و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامیی دەستێوەردانەکانی تاران سەرەڕای بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی کەمکردنەوەی گرژی پرسیار لەسەر مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمە دروست دەکات، چونکە دەیەوێت لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانییەوە پێگەی خۆی بپارێزێت.
باڵیۆزی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان لە دانوستانداین، بەڵام ئەگەر حیزبوڵڵا هێرشمان بکاتە سەر، بەرگری لە خۆمان دەکەین و وڵام دەدەینەوە؛ ئێمە وەک نێچیرێکی ئاسان چاوەڕێی هێرش ناکەین".
دانۆن هیوای خواست کە دەوڵەتی لوبنان بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵای هەبێت و ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان تێک بدات.