کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لەسەر نەخشەڕێگایەکی ٦٠ ڕۆژە ڕێککەوتن

09:19 - 1 پووشپەڕ 2726

قەتەر و پاکستان، وەک نێوبژیوانی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ڕایانگەیاند کە ئێران و ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لەسەر نەخشەڕێگایەک بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای چاوەدێری ڕێککەوتوون.

نێوبژیوانان لە بەیانییەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویان کردووەتەوە ڕایانگەیاندووە: "یەکەمین دانیشتنی دانوستانە ئاست باڵاکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام‌ئاباد لە ناوچەی "بۆرگنستۆک"ی سویس بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمریکا و هەر دوو وڵاتی نێوبژیوان (قەتەر و پاکستان) کۆتایی پێهات.

بەپێی ئەم بەیانییەیە، لێژنە باڵاکە چاوەدێریی سیاسیی پرۆسەی نێوبژیوانایەتییەکە دەکات و گرووپە کارییەکان سەرنج دەخەنە سەر بابەتە ئەتۆمییەکان، گەمارۆکان و چارەسەرکردنی ناكۆكییەكان.

هەروەها هاتووە کە هێڵێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو و دڵنیابوونەوە لە تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا دروست کراوە.

هاوکات، تاران و واشنگتۆن لەسەر پێکهێنانی "ناوه‌ندێکی کەمکردنەوەی گرژییەکان" لە نێوان خۆیان و لوبنان بە ئاسانکاریی نێوبژیوانان ڕێککەوتوون، تاکوو پێبەندبوون بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان مسۆگەر بکرێت.

دانوستانە تێکنیکییەکان لەسەر گشت بابەتەکان تا کۆتایی حەفتە لە سویس بەردەوام دەبن.