بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە دەستکەوتە سەربازییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لە دژی ڕێژیمی ئێران، زەمینەی ڕاستەقینەی بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەخساندووە.
ناوبراو داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ ڕووخاندنی کۆتایی دەسەڵات بەکار بهێنن.
نێتانیاهو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل لە ڕێگەی گەورەترین هێرشی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا و بە هاوکاری ئەمریکا، توانیویەتی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران تێک بشکێنێت و مەترسییەکی وجوودی لەسەر خۆی لابدات. لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، ٢٠ زانای باڵای ئەتۆمی ئێران کوژراون و زیانی چەندین میلیارد دۆلاریش بە سپای پاسداران گەیشتووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە گۆڕینی دوکتۆرینی ئەمنییەتی وڵاتەکەی بەرەو هێرشی پێشوەختە لە نێوخۆی ئێراندا کردەوە. ئەو هەروەها تیشکی خستە سەر لەنێوبردنی سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، لەوانە حەسەن نەسروڵڵا و یەحیا سینوار، و ڕایگەیاند کە ماشینە سەربازییەکانی سەر بە ئێران لە غەززە و لوبنان بە تەواوی لاواز کراون.
لە کۆتاییدا وتی، ئیسرائیل ناوچە ئەمنییەتییەکان لە غەززە، سووریە و لوبنان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی دەهێڵێتەوە.