قەرارگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"ی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆزی بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخستووە.
تاران ئەم ههنگاوە یاخیبووانەیەی وەک "وڵامێک بۆ پەیمانشکێنیی ئەمریکا" و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان ناو بردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە لایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان، کوژران و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی لوبنانی و پاشەکشەنەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە، بوونەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە پەک بخات.
ئەو ناوەندە تێرۆریستییەی ڕێژیم ئەو هەنگاوەی وەک یەکەم هەنگاو ناو برد و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکار و هەنگاوی دیکەی کرد.
هەروەها هێزی دەریایی سپای پاسداران لە بەیانییەکدا ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز بەڕووی تەواوی کەشتییەکاندا داخرا.
لەو بەیانییەیەدا هاتووە: "جەخت دەکرێتەوە کە گەرووی هۆرمۆز داخراوە و پێویستە کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز نزیک نەبنەوە؛ ئەگەرنا ئەمنییەتییان دەکەوێتە مەترسییەوە."
ئەم بڕیارەی کۆماری ئیسلامی تەنیا چەند ڕۆژ دوای واژۆکردنی لێکگەیشتننامەی ئەمدواییەی لەگەڵ واشنگتۆن دێت کە تێیدا بەڵێنی دابوو هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا ئاسایی بکاتەوە.