کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٢٩ کەسی عەرەب لە ئەهواز

13:41 - 30 جۆزەردان 2726

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز شەوی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، لە هێرشێکی هاوکاتدا بۆ سەر ماڵانی هاووڵاتییان لە ناوچەی "کووت عەبدوڵڵا"ی ئەهواز، لانیکەم ٢٩ هاووڵاتیی عەرەبی سوننەمەزهەبیان بازداشت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کارون"، ئەم دەسبەسەرکردنە بەکۆمەڵە تەنیا بەهۆی بیروباوەڕ و چالاکییە مەزهەبییە ئاشتیخوازانەکانی ئەم هاووڵاتییانە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە دروستکردنی کەشی تۆقاندن و ترس بۆ سەر بنەماڵەکان، بەتایبەت ژنان و منداڵان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و وێڕای پشکنین و زەوتکردنی کەلوپەلی شەخسی، دەسبەسەرکراوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

هەندێک لەم کەسانە پێشتریش بەهۆی چالاکیی مەزهەبییەوە حوکم درابوون و سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەیان، دووبارە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم گیراون.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی، یاسایی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم ٢٩ هاووڵاتییە عەرەبە لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکانیان لە مافی پەیوەندی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.