کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی کورد لە کرماشان بە تۆمەتی "موحارەبە" بۆ بەندی ئەمنییەتیی دیزل‌ئاباد گواستراوە

13:33 - 30 جۆزەردان 2726

دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێنبوونی، "سروش کەرەمی"، لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی قورسی "موحارەبە"، بۆ بەندی ئەمنییەتیی بەندیخانەی دیزل‌ئابادی ئەم شارە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، سروش کەرەمی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا لە گەڕەکی "مەسکەن"ی کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، پاش پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگرتن و لێکۆڵینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان، بۆ بەندیخانەی دیزل‌ئاباد گواستراوەتەوە.

کوردپا لەزاری بەرپرسانی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە دۆسییەی سروش لە ئێستادا ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان کراوە.

ئەم لاوە کوردە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لەژێر گوشاردا بووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتن، پێوەندیی تەلەفۆنی و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری لێ زەوت کرابوو و هیچ ناوەندێکی پەیوەندیداری ڕێژیمیش وڵامدەرەوەی چارەنووسی نەبوو.