کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە وڵامی کوژرانی چوار سەربازیدا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر حیزبوڵڵا

16:48 - 29 جۆزەردان 2726

لە وڵامی کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لەوانە فەرماندەیەک لە باشووری لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا دەست پێ کرد و پتر لە ٨٠ ئامانجی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی پێکاوە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوێندی خوارد کە حیزبوڵڵا بەهایەکی زۆر قورس لەسەر ئەم هێرشانە دەدات و جەختی کردەوە کە تێلاڤیڤ هێرش بۆ سەر خاک و سەربازەکانی قەبووڵ ناکات.

بەپێی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، هێزەکانیان لە وڵامی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە، دوو بنکەی فەرماندەیی لە دۆڵی بەقاع و چەندین پێگەی هاویشتنی مووشەکیان لە ناوچەی نەبەتییە و باشووری لوبنان بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان چەکداری ئەو گرووپە.

هەروەها، بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە، لانیکەم ١٨ کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات، یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وێڕای ئاماژەدان بەم تێکهەڵچوونانە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە باشووری لوبنان، لە هێڵی کەناراوەکانەوە تا بەرزاییەکانی "بۆفۆر" دەمێننەوە.

کاتس جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە توندی و بە هێزێکی گەورەوە وڵامی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاگربەست دەداتەوە و ئامانج لە مانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچە ئەمنییەتییەدا، پاراستنی باکووری ئیسرائیل و لەنێوبردنی تەواوی ژێرخانە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵایە.

ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شەوی ڕابردوو چوار سەربازی ئەو وڵاتە لە ئاکامی هێرشەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کوژراون.