کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: سپای پاسداران تۆڕێکی نوێی لە شانەی حەشاردان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو لە عێراقدا درووست کردووە

14:00 - 29 جۆزەردان 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی عێراقی ڕایگەیاند، سپای پاسدارانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی گومان لەسەر میلیشیا ناسراوەکان، کۆمەڵێک شانەی نوێی حەشاردانی لە عێراقدا ڕێک خستووە تا هێرش بکەنە سەر ئەو وڵاتانەی کەنداو کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سێ یان چوار پێکهاتەی نوێ کە هەر یەکەیان لە نزیکەی ١٠ چەکداری شیعە پێکهاتوون، لانیکەم حەوت هێرشی دڕۆنییان لە بیابانەکانی بەسرە و "سەماوە"وە بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی کوەیت، عەرەبستان و ئیمارات ئەنجام داوە.

ئەم چەکدارانە لە دەرەوەی فەرماندەیی باوی گرووپە عێراقییەکان چالاکی دەکەن و ڕاستەوخۆ فەرمان لە سپای پاسداران وەردەگرن؛ ئەمەش نیشاندەری گۆڕانی تاکتیکی تارانە لە کاتێکدا کە هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا بە توندی لاواز بوون.

ئەم هێرشانە کە بنکەی ئاسمانیی "عەلی سەلیم" لە کوەیتیان کردووەتە ئامانج، پێوەندییەکانی بەغدای لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاڵۆز کردووە و بووەتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە بۆ چەککردنی تەواوی میلیشیاکان و نەهێشتنی چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە خاکەکەیدا هەنگاوی بەپەلە بنێت.