گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەری دادگا و چالاکی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ و بواری ژنان، خەڵکی شاری مەریوان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، بۆ زیندانیی ناوەندیی شاری سنە گوازرایەوە.
ئەم چالاکوانە کوردە کە پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنی و مرۆییەکانیەوە ڕووبەڕووی گوشار و دەسبەسەرکردن ببووەوە، بەپێی حوکمێکی ناڕەوا، سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو ڕۆژی شەممە، ١٢ی بانەمەڕ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزادانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.
سەپاندنی ئەم حوکمە قورسە بە سەر ئەم پارێزەر و چالاکوانە مەدەنییە، لە درێژەی گوشارە بەردەوامەکانی دەزگای بەناو دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی سەربەخۆ لە کوردستانە، کە بەردەوام بە تۆمەتی جۆراوجۆری پێوەندیدار بە چالاکییە مرۆییەکانیان ڕووبەڕووی گرتن، زیندان و سزادانی قورس دەبنەوە.