کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە مەریوان

12:59 - 28 جۆزەردان 2726

 ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک "خەسرەو فەرەهمەند" کوڕی شەریف، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی خەڵکی گوندی"نێ"ی سەر بە شاری مەریوان، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک خەسرەو، باوکی دوو پێشمەرگەی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی "کامیار" و "سەبری" فەرەهمەند بوو. ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو، حیزب‌خۆشەویست و پاڵپشتێکی بەهێزی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی بوو، کە هەمیشە ئاواتی بینینی ڕزگاریی کوردستان و شادبوونەوەی بە کوڕ و کچە پێشمەرگەکەی لە ناخدا پەروەرده دەکرد.

ناوبراو بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەیی و پێشمەرگەبوونی ڕۆڵەکانی، بەردەوام لەژێر گوشار، چاوەدێری و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بوو، بەڵام هیچکات لە ڕێبازەکەی لای نەدا.

تەرمی کاک خەسرەو فەرەهمەند لەنێو ئاپۆرای خەڵکی تێکۆشەری "نێ" و دەوروبەری بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.