گۆڤاری "نەشناڵ ئینترێست" لە شیکارییەکدا ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی شەڕی ئەم دوایییەی نێوان ئێران و ئەمریکا هاوشێوەی شەڕی "یوم کیپوور"ی ساڵی ١٩٧٣یە؛ کاتێک واشینگتۆن دوای پێکانی ئامانجەکانی، بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنی سیاسی دەستێوەردانی کرد.
ئەم بڵاوکراوەیە دەڵێت ئاگربەستەکە نیشانی دا ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە باری لۆژیکەوە وەک یەک نین.
واشینگتۆن دوای لاوازکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شەڕدا بوو، بەڵام ئیسرائیل داوای بەردەوامیی گوشارەکانی دەکرد.
نەشناڵ ئینترێست ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەدوای "کۆماری ئیسلامییەکی لاوازکراو، بەڵام نەک لەناوچوو"دا دەگەڕا، چونکە واشینگتۆن لە هەرەسهێنانی ڕێژیمی ئێران، دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات و پەرەسەندنی ناسەقامگیریی ناوچەیی نیگەران بووە.
لە کۆتاییدا هاتووە کە لێکگەیشتنەکە کێشە سەرەکییەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکیی ئێرانی چارەسەر نەکردووە و بۆ داهاتووی هێشتوونەتەوە؛ بۆیە شەڕ ڕاوەستاوە، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە وەک خۆی ماوەتەوە.