پێگەی هەواڵیی "شیوار نیوز" ڕایگەیاند کە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندی "پەشموکی" سەر بە شارستانی فاریاب لە ناوچەی ڕوودبارزەمینی بەلووچستان سەر بە پارێزگای کرمان.
لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، لانیکەم حەوت ژنی بەلووچ بریندار بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش کە سێ ژنیان تێدایە، دەسبەسەر کراون.
ئەم خۆپیشاندانە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، بۆ دووەم ڕۆژی یەک لەدوای یەک لە ناڕەزایەتی بە شێوازی ڕادەستکردن و دەرهێنانی کانگای "کرۆمیت"ی پەشموکی بەڕێوە چوو.
ناڕەزاییان دەڵێن ئەم کانگایە کە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی ناوچەکەیە، بێ گوێدانە مافی خەڵکی خۆجێیی دراوەتە دەست کەسانی دەستڕۆیشتوو و خەڵکی ناوچەکە لە هەلی کار و داهاتەکەی بێبەش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندوتیژی و لێدان بە باتۆم هێرشیان کردووەتە سەر ژنانی ناڕازی.