کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ئێران لێکتێگەیشتنەکەیان بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز واژۆ کرد

09:23 - 28 جۆزەردان 2726

کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا زووتر لە وادەی دیاریکراو، ڕێککەوتنێکیان بۆ کۆتایهێنان بە گرژییەکان و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز واژۆ کرد.

 دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا کە بۆ کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە فەرانسەیە، دوای ئێوارەخوانێک لە کۆشکی ڤێرسای، کۆپیی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کرد.

 هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێرانیش، بە شێوەی ئێلێکترۆنی و لە دوورەوە بەڵگەنامەکەی واژۆ کردووە.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوبژیوانی پرۆسەکە ڕایگەیاند، ئەم لێکتێگەیشتنە لە ساتەوەختی واژۆکردنیەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران گەرووی هۆرمۆز دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت. پێشتر ئەم دەقە لەلایەن جەی دی وێنس، جێگری ترامپ و محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دیجیتاڵی واژۆ کرابوو.

بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە سویس بەڕێوە بچێت. هەرچەندە ئەم هەنگاوە قەیرانی گواستنەوەی نەوت چارەسەر دەکات، بەڵام کێشە سەرەکییەکانی وەک دۆسییەی ئەتۆمی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژ بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان دیاری کراوە.