کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٧٠ بۆ ١٠٠ لەسەدیی نرخی نان لە پارێزگای ورمێ

16:43 - 27 جۆزەردان 2726

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێشتاش پێداگری لەسەر جێگیربوونی نرخی نان دەکەن، نرخی ئەم کاڵا سەرەکییەی سەر سفرەی خەڵک لە پارێزگای ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە.

جەواد نەجەفیان، سەرۆکی یەکیەتیی نانەواکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە نرخی نوێی نان بە ڕێژەی ٧٠ بۆ ١٠٠ لەسەد زیادی کردووە و هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بەرزبوونەوەی کرێی کرێکاران، نرخی هەویرمایە، کرێی دووکان و تێچووەکانی دیکەی بەرهەمهێنان گەڕاندووەتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر، جێگری ئابووریی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ گران‌کردنی ئارد و نان نییە، بەڵام لە ئێستادا هاوڵاتییان لە نانەواخانەکاندا ڕووبەڕووی گرانی و کەمبوونەوەی کێشی نان بوونەتەوە.

نان کە هەمیشە وەک کۆتا سەنگەری سفرەی خێزانە کەم‌داهاتەکان ئەژمار دەکرا، لەژێر سایەی سیاسەتە ئابوورییە ناکارامەکانی کۆماری ئیسلامیدا کەوتووەتە بەر شەپۆلی گرانی.

بەپێی ئامارەکان، هەر بنەماڵەیەک لە کوردستان و ئێران بە تێکڕا ساڵانە ٣٦٢ کیلۆگرام نان بەکار دەهێنێت، بۆیە هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخی نان، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قورس دەخاتە سەر بژێویی چەندین میلیۆن بنەماڵەی کەم‌داهات.