کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنس: تا تاران پشتگیریی تێرۆریزم بکات، هیچ سوودێکی ئابووری لە ڕێککەوتنەکە نابینێت

10:38 - 27 جۆزەردان 2726

جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا داکۆکی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی دەوڵەتی ترامپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە دەستکەوت و سوودێکی ئابووری بۆ تاران، تەنیا بە گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئەم ڕژێمەوە بەندە.

وێنس هاوکات دەنگۆی پێدانی پارەی واشینگتۆن بە تارانی بە توندی ڕەت کردەوە و وتی هیچ پارەیەکی باجدەرانی ئەمریکایی نادریتە ئێران.

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بێت لە پشتگیریی دارایی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی دیکەی سەر بە خۆی، لە سوودی ئابووریی ڕێککەوتنەکە بەهرەمەند نابێت.

 بە وتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی دەچێتە ناو خولێکی تاقیکاریی ٦٠ ڕۆژەوە و دەبێت بە کردەوە بیسەلمێنێت کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، ڕێگە بە گەڕانەوەی پشکێنەران دەدات، پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لەنێو دەبات و دەست لە پشتگیریی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵدەگرێت.

وێنس لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا، تەنیا لە کاتێکدا ئەمریکا بوار بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ نێو ئابووریی جیهانی خۆش دەکات کە وەک "وڵاتێکی ئاسایی" ڕەفتار بکات و تەواوی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.