کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی بە داڕمانی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیی ٧٠٪ی خەڵک

08:55 - 27 جۆزەردان 2726

لە دانپێدانانێکی کەم‌وێنەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆ، هۆشداریی لەسەر داڕمانی یەکجاریی "سەرمایەی کۆمەڵایەتی" دا و دۆخی ئێرانی بە زەنگێکی مەترسیدار ناو برد کە نیشانەی لێکترازان و بێزاریی قووڵی گشتییە لە دەسەڵات.

محەممەد بەتحایی ئاشکرای کردووە کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ ٣٦.٦٪ دابەزیوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا ٢٥٪ی خەڵک هەست بە بوونی دادپەروەری دەکەن، لە کاتێکدا ٧٥٪ی کۆمەڵگە بە تەواوی لەژێر سێبەری جیاکاری و نادادپەروەریی سیستماتیکدا دەژین.

ئامارەکان دەریدەخەن کە ٦٢٪ی خەڵک لەم بارودۆخە ناڕازین و ٦٠٪یش هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو لەژێر سایەی ئەم ڕێژێمەدا نەماوە.

سەرباری هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، ئەم بەرپرسە دانی بەوەدا ناوە کە ٧٠٪ی خەڵکی ئێران داوای گۆڕینی بنەڕەتیی سیاستە کلانەکانی ڕێژیم دەکەن.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ٦٠٪ی هاووڵاتییان لە ڕووی ئابوورییەوە گەیشتوونەتە هێڵی سوور و توانای بەرگەگرتنی ئەم هەژاری و گوشارە سەپێندراوەیان نەماوە.

ئەم ئامارە فەرمییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ڕێژیمی تاران لەجیاتی چاکسازی، بەردەوامە لە خەرجکردنی سامانی وڵات بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم و سەرکوتی نێوخۆیی.