کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی توندی ڕێژیم لە ئیسرائیل لەسەر هێرشەکانی لوبنان

08:48 - 27 جۆزەردان 2726

لە دوای هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کە چوار کوژراوی لێکەوتەوە، قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی وڵامدانەوەی توندی کرد. ئەم پێکدادانە کتوپڕە ڕێک دوای ڕاگەیاندنی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنگتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ هات.

قەرارگای خاتەمولئەنبیا کە ئەرکی هاواهەنگیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی لە ئەستۆیە، ڕایگەیاند ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی ڕانەگرێت، ڕووبەڕووی "وڵامێکی سەخت" دەبێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئیدیعا کراوە دوای ڕاگەیاندنی تێگەیشتنی ئاشتی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، ئیسرائیل "٨٤ جار" ئاگربەستی لە باشووری لوبنان پێشێل کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان بڵاوی کردەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل سێ ئۆتۆمبێلیان لە مەیسەدوون و شەقین لە ناوچەی نەبەتییە کردووەتە ئامانج و چوار کەس کوژراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکە بەهۆی بینینی "ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو"، ڕایگەیاند چەند ڕاکێتێکی هاوێژراوی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان تەقاندووەتەوە و دەستبەجێ هێزە ئاسمانییەکانیان سەکۆی هاوێشتنی ڕاکێتەکانیان تێکشکاندووە.