دامەزراوەی مافی مرۆڤی عەبدولڕەحمان بروومەند ڕایگەیاند لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا، ٧٤٦ حاڵەتی لەسێدارەدانی لە ئێران تۆمار کردووە کە ٥٢یان تەنیا لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بووە.
بەپێی بەیاننامەکە، ڕێژیم لەژێر سێبەری شەڕ و لە کاردانەوە بە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، سێدارە سیاسییەکانی خێرا کردووە و لانیکەم ٤٥ بەندکراوی سیاسیی بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە داوە کە بنەمای زۆربەی ئەم حوکمانەش دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بووە کە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.
هاوکات ڤۆڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ڕێژیم لە شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٠ کەسی بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لەسێدارە داوە کە ١٨یان خۆپیشاندەر بوون.
لەژێر چوارچێوەی ئەم سەرکوتانەدا، دەزگای دادوەریی ڕێژیم حوکمی سێدارەی جەواد زەمانی و ئەبولفەزل ساعدی، دوو لاوی ناڕازیی شاهروودی جێبەجێ کرد.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە ئەم لەسێدارەدانانە "قەتڵی حکوومەتی"ین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێن.