کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: بە ڕێککەوتن یان بێ ڕێککەوتن، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

08:26 - 27 جۆزەردان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن، کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. ئەو جەختی کردەوە کە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی تاران هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە.

نێتانیاهوو پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەسەر بنەمای هاوکاری وەسف کرد، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەو، بەرپرسیارەتیی پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیلی لەئەستۆیە و لەم ڕێگەیەدا مەرج نییە هەمیشە هاوڕا بن، بەڵکوو هەندێک جار جیاوازیی بیروڕاش لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

ناوبراو وتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل وڵاتەکەی لە مەترسییەکی حاشاهەڵنەگر ڕزگار کردووە و ئەگەر بێدەنگ بوایە، ئێستا خەڵکی ئیسرائیل لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدا دەبوون.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی گورزی قورسی لە "میحوەری تێرۆری کۆماری ئیسلامی" و تواناکانی تاران داوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەکە بەردەوامە و تێلاڤیڤ خۆی بۆ بەگژداچوونەوەی زیاتری ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی ئامادە دەکات.