ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، بەڕێز باوە ڕەزایی، بەرپرسی کۆمیتەی ئەدلاید و هاوکاری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ خاتوو تامی جۆ سۆتن، ڕاوێژکاری سێناتۆر سارا هانسن یانگ لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کۆ بووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، باوە ڕەزایی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان پێشکەش کرد. ناوبراو تیشکی خستە سەر شەپۆلی نوێی سەرکوت، گرتن و لەسێدارەدانە خوێناوییەکانی چەند مانگی ڕابردووی ڕێژیم دژی هاووڵاتییانی مەدەنی و ناڕازی.
هەروەها وەک بەڵگەیەکی زیندوو، چۆنیەتیی کوژرانی "موجتەبا و مەیسەم"، دوو چالاکوانی کۆمەڵگەی یارسانی خستە ڕوو، کە تەنیا بەهۆی کاری فەرهەنگی و وانەوتنەوەی زمانی کوردی لەلایەن سپای پاسدارانەوە کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کرد و داوای پاراستن و گرنگیدانی زیاتری بە دۆخی ئەو پەنابەرانە کرد.
خاتوو تامی هاوخەمیی قووڵی بۆ گەلی کورد دەربڕی و بەڵێنی دا کە ئەم بابەتانە بە جیددی لەگەڵ سێناتۆر سارا هانسن یانگ تاوتوێ بکات و پەیام و داواکارییەکانی هێزە دێموکراتەکان بگەیەنێتە ناو پارلەمانی ئوسترالیا.