کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەرەڕای لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران، هێزەکانی کەم ناکاتەوە

14:16 - 26 جۆزەردان 2726

دەوڵەتی ترامپ سەرەڕای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ ئێران، هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم ناکاتەوە؛ ئەمەش نیشانەی بێ‌متمانەیی بەردەوامی واشنگتۆن بە تاران لە دەستپێکی قۆناغی دانوستانی ٦٠ ڕۆژەدایە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند دۆخی ئێستای هێزەکان لە ماوەی ئەم ٦٠ ڕۆژەدا وەک خۆی دەمێنێتەوە و کەمکردنەوەیان تەنیا دەکەوێتە دوای ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەپێی زانیارییەکان، دۆناڵد ترامپ، جەی دی وێنس و محەممەدباقر قاڵیباف پێشتر بەڵگەنامەکەیان واژۆ کردووە و وردەکارییەکانی لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە.

ئەم بڕیارە بەو مانایەیە کە پێنتاگۆن پێگەی سەربازیی خۆی بە ٥٠ هەزار سەربازەوە لە ناوچەکەدا دەپارێزێت کە یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دوو دەیەی ڕابردوودا؛ تەنانەت لانیکەم دوو گرووپی فڕۆکەهەڵگریش لەژێر فەرماندەیی سێنتکامدا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

بەرپرسان جەختیان کردووەتەوە کە هەر جۆرە لادانی گەمارۆکان، ئازادکردنی داراییەکان یان پێدانی ئێمتیاز لە داهاتوودا، تەنیا بەستراوەتەوە بە کردەوەی فەرمیی ئێرانەوە، چونکە هەردوو لایەن هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی متمانەسازیدان.