دایە فانوس محەممەدی، دایکی شەهید حەبیب ئەحمەدی و خەڵکی گوندی "کوئیکی سەیفووری" سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، کۆچی دوایی کرد.
شەهید حەبیب لە ساڵی ١٣٦٤دا ببووە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەمتر لە حەفتەیەک دوای پێشمەرگایەتی، کاتێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی حیزبی نێردرابووە بناری چیای بەمۆ لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، کەوتە نێو مەیدانی مین و لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٤ی هەتاوی تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستان بوو.
تەرمی دایە فانوس لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا لە گۆڕستانی گوندی کوئیکی سەیفووری بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.